هۆبەی کەشناسیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڕی بارانبارینی لە سنووری پارێزگاکە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بڵاوکردەوە و تاوەکو ئێستا بەراورد بە ساڵی رابردوو 313 ملیمەتر باران زیاتر باریوە.
لە راگەیەندراوێکدا هۆبەی کەشناسیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، ”لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە لە 24 کاتژمێری رابردوودا بڕی 0.8 ملیمەتر باران باریوە و کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا گەیشتە 840 ملیمەتر، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 527 ملیمەتر بوو”.
سەبارەت بە کۆی گشتیی بڕی بارانبارینی ناوچەکانی دیکەی سنووری ئەو پارێزگایە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەوەی خستووەتەڕوو، ”لە تەوێڵە زۆرترین باران باریوە کە 1205.4 ملیمەترە لە کاتێکدا ساڵی پار 875.4 ملیمەتر بووە، هاوکات لە بیارە ساڵی پار 759 ملیمەتر باران باریبوو بەڵام ئەمساڵ 928 ملیمەتر باران باریوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ”ئەمساڵ لە سیروان 809.6 ملیمەتر و لە خورماڵ 824 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو لە سیروان 537.3 ملیمەتر و لە خورماڵ 538.8 ملیمەتر باران باریبوو”.