پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ”مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە ئەمڕۆ لە ناحیەی زەڕایەن تەقەی لە کەسێک کرد و کوشتی”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنداوێکدا ئەوەی خستەڕوو، ”دوای ئەوەی ئەمڕۆ، تۆمەتبارێک لە ناحیەی زەڕایەن تەقەی لە کەسێک کرد و کەسەکە گیانیلەدەستدا و تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ”پاش گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنەوە دەستگیربکرێت”.
دەشڵێت، ”ئێستا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە”.