وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە چەند هەلێکی دامەزراندنی بە شێوەی گرێبەست راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردەوە، ”لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، ڤێتێرنەری و دارستان و پاوانی ئەو پارێزگایە هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست رادەگەیەنین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ”مەرجە ئەو کەسەی فۆڕمەکە پڕدەکاتەوە دانیشتووی سنووری هەڵەبجە بێت و رەگەزنامەی عێراقی هەبێت، هاوکات بۆ هەر خێزانێک یەک کەس دەتوانێت سوودمەند بێت و دەبێت کەسی خوازیار دامەزراو نەبێت و مووچەی خانەنشینی و هیچ مووچەیەکی تری نەبێت و خوێندکاریش نەبێت لە هیچ ئاستێکدا”.
پسپۆریە داواکراوەکان لەلایەن وەزارەتەوە بریتین لە، ئەندازیاری کشتوکاڵی، رابەری کشتوکاڵی، ئەندازیاری ئاودێری، پزیشکی ڤێتێرنەری، یاریدەدەری پزیشکی ڤێتێرنەری، جیۆلۆجی، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری، روپێو و شوفێر.
دەشڵێت، ”دەبێت سەرجەم زانیاریەکان بە زمانی کوردی تۆمار بکرێن و تەنها یەك جار هەوڵی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بدرێت، لە ئەگەری دووبارە پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا، فۆڕمەکە پوچەڵ دەکرێتەوە”.
لینکی ناو تۆمارکردن تاوەکو رۆژی پێنجشەممە کە دەکاتە 2ی ئایاری 2024 تاوەکو کاتژمێر 12:00 کراوە دەبێت و دەتوانن لەم لینکەوە ناو تۆمار بکەن.