‎سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی ‎سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆچی دوایی عەلی شامار پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كۆچی دوایی هەڤاڵ عەلی شامار، تێكۆشەری دێرین و فەرماندەی رۆژە سەختەكانی خەبات و كوردایەتی، لە دڵەوە نیگەرانیكردم.

لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، ‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كاك رێبوار عەلی شامار، بنەماڵە سەربەرزەكەی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەكەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم.

هەر لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، ‎كاك عەلی شامار پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و سەرڕاستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لە تەمەنی لاوییەوە چووە ریزی شۆڕش و كۆڕی خەباتەوە و یەكێكبوو لە رۆڵە ئازا و بەجەرگەكانی گەرمیان و مێژوویەكی پڕ لە شانازی و شكۆمەندی بۆ خۆی و یەكێتییەكەی تۆماركردووە.

لەم ماتەمە گەورەیەدا یاد و یادەوەریی خاتوو وەسفیەی هاوسەری و كاك كاروانی جوانەمەرگ وەبیردەهێنینەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بە ناو و ناوبانگی هەڤاڵ عەلی شامار و خێزانە سەربەرزەكەیەوە دەكات كە نموونەی باڵای دڵسۆزی و وەفاداریین بۆ خاكی كوردستان و رۆحی هەڤاڵی كۆچكردوومان شادبێت و خوای گەورە سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share