بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ژینگەیەكی ئازادمان فەراهەمكردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان كردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەكان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە.”
سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی لەسەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان پیرۆزبێت، دەشڵێت، “سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەو قەڵەمە ماندوونەناسانە دەكەین كە لە رابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوتی رۆژنامەگەری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیان داوە.”
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشیکردووەتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەموو شێوەیەكیش دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە و بە هەڕەشەیەكی جدیی دەزانێت لەسەر دیموكراسی و وێنای هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، كەبەداخەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان بەهۆی چەند حاڵەتێكی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە.
لە کۆتای پەیامەکەشیدا باسی لەوەکردووە، لە رابردوودا بەهەموو شێوەیەك پاڵپشت و پشتیوانیی رۆژنامەنووسان بوون، ژینگەیەكی ئازادیان فەراهەمكردووە و داوایان لە رۆژنامەنووسان كردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەیان لێبگرن، وتیشی، “بە رەخنەكان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە، لەداهاتووشدا بەهەمان رۆحییەتەوە بەردەوامدەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین.”