دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، “لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان کردووە”.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، ” بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان لە 8 ی نیسان تاوەكو 13 ی نیسان زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە”.
ئاماژە بەوەش دەکات، “گەشتیاران زۆربەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی دیکەوە سەردانی هەرێمیان کردووە، هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیان دەگاتە 150 هەزار كەس، سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە”.
بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2023، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەشدەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
هەر بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ھەزار و 75 شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە 625 ھۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی 800 رێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، “زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.