21 ساڵ بەسەر رووداوی هەردوو تەقینەوەکەی بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت.
لە رێکەوتی 1ی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، لەکاتی بەڕێوەچوونی رێورەسمی جەژن و پێشوازیکردن لە میوانانیان لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا دوو تەقینەوە روویاندا.
تەقینەوەی هەردوو بارەگاکە لەرێگای چەکداری خۆکوژییەوە بوون و بەهۆیانەوە زیاتر لە 100 کەس بوونە قوربانی.
ئەمڕۆ لە ساڵرۆژی ئەو کارەساتەدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێشتا برین و زامی گەلەکەمان، خەمی هاونیشتمانانمان لە هەولێر، خانەوادە و کەسوکاریان قوڵپئەدا و نەڕویەتەوە و بە تەواوی سارێژ نەبووە. بێگومان هەتوانی کۆی زامەکانیش هەر یەکێتیی و پێکەوەیی و خۆپاراستنە لە پیلانی دوژمنان و نەیارانی ئەزموونەکەمان، هەتوانەکە هەر پتەوکردنی پایەکانی حوکمڕانیمانە لەرێی ڕاستکردنەوەی رێڕەوەکەی و مشتوماڵکردنی ئەدا و کاراکردنێتی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی خۆمان ، بێ جیاوازی بە هەموو ڕەنگەکانەوە. دەبا بۆ ئەو ئامانجە کار بکەین.