ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەمە لەسەر پرسی بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان و دەروازە سنورییەکان کۆبووەوە و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند کە لە هەفتەی داهاتوودا ڕەشنوسی بودجە ئامادە دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان بە بێ جیاوازی”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆکبونەوەکەدا هێڵە گشتییەکانی ڕەشنوسی یەکەمی پرۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی2021 و پێشبینی و پێشنیارەکانی وەزارەتەکان، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021 تاوتوێکران.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ڕەشنوسی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.
دواتر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی ھەرێم بۆ ساڵی 2021.
ئەنجومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجومەنی باڵای ئابوری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنوسی یەکەمی بودجە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، ” ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان بە بێ جیاوازی”.
ھەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنەوەی داھات لەپڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕیکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
لەم چوارچێوەیەدا ، بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن، بۆ ڕێگەکرتن لە هەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە ، دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا وڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بە بێ جیاوازی.
سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دراون بۆ ڕێکخستنەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریی دەروازە سنووریەکان، بە ڕەچاوکردنی داھات و بەرژەوەندی گشتی.