وردەکاریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی

ماوەی 20  ساڵە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی هەڵنەبژێردراوە و ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر ئەنجومەنێکی تازەدا وەک ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەست بەکار دەبن.

ئەمڕۆ 27 ی نیسان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگیدا لەسەر 13 ئەندام و سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەندا و هەڵبژێردران، بەپێی ئەو لیستەی دەنگی پێدراوە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەن و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی شارەکە پێکدێن و ژمارەیان 11 بەڕێوبەرایەتییە، کە بریتین لە (بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری، بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی یەکەمی سلێمانی، نوێنەری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، نوێنەری سەندیکای پارێزەران).

سەرەڕای ئەم ئەندامانە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای کردووە چوار ئەندامی دیکە بۆ لیستەکە زیادبکرێت، چونکە ئەوانیش خاوەن بڕیارن، ئەندامە پێشنیازکراوەکانیش بریتین لە (بەرگری شارستانی سلێمانی، ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی نەخشەدانانی سلێمانی و یەکێتی مامۆستایان لقی سلێمانی).

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە 2ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە 32 كە لە كۆبونەوەی ژمارە 12ی ئەنجومەنی وەزیران لە (30/10/2019) پەسەندكرا، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون، ئەگەرچی ژمارەی دانیشتوانی شارەکان و بوونی بەڕێوبەرایەتییەکان کاریگەری لەسەر ژمارەکە دەبێت.

ئەنجومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجومەنانە بەڕێوە ببرێن.

لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دوەمیش لە پەیڕەوی ژمارە 2ی ساڵی 2019، ئەنجومەنی پارێزگەکان رادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەکرێن.

بابەتی پێشتر

فەرمی.. بایرن میونشن بۆندی لەگەڵ ناگلسمان واژووکرد

بابەتی دواتر

سوپەرلیگ هەوڵی فراوانکردنی بازنەی یانە بەشدارەکان دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share