نێچیرڤان بارزانی: داوادەکەین حكومەتی عێراق كوردانى فه‌يلى قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌

سەرۆكی هەرێم داوا لە حكومەتی ناوەند دەكات قەرەبووی كوردانی فەیلی بكاتەوە و دەشڵێت، ده‌بێت ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی يادى چل و چوار ساڵه‌ى جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كوردانی فەیلی له‌ شاڵاوێكى دڕندانه‌ى رژێمى ئه‌وساى عێراقدا، له‌به‌ر كوردبوون و پشتگيرييان له‌ شۆڕشى كوردستان، رووبه‌ڕووى كوشتن، گرتن، ده‌ركردن و بێسه‌روشوێنكردن بوونه‌وه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ و سامان و ماڵ و حاڵيان لێسه‌نرايه‌وه‌‌.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە حكومەتی ناوەند دەكات “به‌پێى بڕيارى دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ ئه‌و تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساند، كوردانى فه‌يلى له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، ره‌گه‌زنامه‌ و موڵك و ماڵيان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكات‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و كۆششدا ده‌بين و هه‌رچى پێويست بێت هاوكار ده‌بين”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، جينۆسايدى كوردانى فه‌يلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕينه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوويه‌كى ره‌ش و رابردوويه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگيرى بۆ وڵات. ده‌بێ ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌ و بۆ داهاتوويه‌كى باشتر له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ عێراق، سوودى لێوه‌ربگرين.

بابەتی پێشتر

عەبدوڵای حاجی مەحمود لە ریزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوورخرایەوە

بابەتی دواتر

کەشناسی: بارانبارین دەستپێدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share