قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد گفتوگۆیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی جێنین پلاسخارتی كرد لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و ئاماژەی بەوەشدا كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم هەوڵانە كاریگەری هەبووە لەسەر سەقامگیریی عێراق و هێوركردنەوەی زۆرێك لە بارگژییە سیاسییەكان.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی هەموو كێشەكان و بە تایبەتیش كێشە داراییەكان كە لە ئێستادا هەنگاوی باش نراوە بەو ئاڕاستەیە.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

لە دەربەندیخان زیاتر لە 700 کیلۆگرام خواردن و خواردنەوە لەناوبران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share