بافڵ جەلال تاڵەبانی: لەمەودوا خۆم سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەکەم

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسپێک و ستراتیژی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لەمەودوا خودی خۆی سەرپەرشتی کارەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دەکات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێورەسمێكدا كە سەركەوت زەكی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن ئامادەیبوو، پێکهاتەی نوێی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، “پێشتر بەڵێنمان بە خوێندكاران، گەنجان و لاوانی كوردستان دابوو لەگەڵیان دەمێنمەوە و پاڵپشت و هاوكاریان دەبم، لەو چوارچێوەیەشدا لەمەودوا خۆم سەرپەرشتیی كارەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكەم.

ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی تەواوی بە وزەی نوێ و بیری داهێنەرانەی خوێندكاران و گەنجان هەیە، بۆیە دڵنیایە پێكەوە دەتوانن كاری گەورەتر بكەن و داهاتوویەكی پرشنگدار بونیادبنێن، داهاتوویەك كە تەنیا خوێنگەرمی و دڵسۆزیی ئەوان زامنی دەكات.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیکردەوە، لەماوەی رابردوودا لەسەر داوا و پێشنیاری خوێندكاران و لەپێناو بونیادنانەوەی بەشێوازێكی نوێ و سەردەمییانە، كارەكانی كۆمەڵەی خوێندكارانیان راگرت، ئەمڕۆش بە تێگەیشتن لە دۆخی هەرێمی كوردستان و پێویستییەكانی گەنجان و لاوان، كارەكانی كۆمەڵەكە دەستپێدەكاتەوە و دەبێتە سەكۆیەكی گرنگ و كاریگەر بۆ بەرگریگردن لە مافەكانی خوێندكاران و بەدیهێنانی خواستەكانیان.

سەرۆك بافڵ وتیشی، “كۆمەڵەی خوێندكاران بە رەهایی نوێگەر و سەردەمییانە دەبێت، دوور لە هەموو بەرژەوەندییەك و بەبێ گوێدانە ئینتیمای حزبی و سیاسی  درێژە بە كارەكانی دەدات و لەخزمەت كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەبێت، جگەلەوەی بەبیری نوێ و هەنگاوی كردەییەوە هەنگاو بەرەو بەجیهانیبوون دەنێت لەبوارە جیاوازەكاندا.”

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێز روو لەناوچەکەمان دەکات و بارانی بەلێزمە دەبارێت

بابەتی دواتر

 رۆشنبیریی دهۆک بۆ هاوڵاتییان: بە هەڵکردنی چرایەک لە ماڵەکانتانەوە بەشداری نەورۆز بکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share