سەرۆکی هەرێمی کوردستان: دەبێت سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین هه‌میشه‌ بۆ هه‌موومان وانه‌ و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كارمان بێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی راپەریندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “گەلی کوردستان هه‌رگیز واز له‌ ئازادی و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی ڕاپه‌ڕین ناهێنێت و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی ڕاپه‌ڕین ته‌نیا به‌ كاری هاوبه‌ش و یه‌كهه‌ڵوێستی و پێكه‌وه‌ییمان بەدیدێت”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، “ساڵیادی 33 ساڵەی راپه‌ڕینی شكۆداری گه‌لی كوردستان له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ پیرۆز بێت، سڵاو و دروود له‌ یادی شه‌هیده‌ قاره‌مانه‌كانی راپه‌رین و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “گه‌لی كوردستان که‌ 5ی ئازاری 1991 له‌ رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌وه‌، ‌گیانی له ‌سه‌رده‌ست دانا و بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ مه‌رگ له‌پێناو ئازادیدا راپه‌ڕی، كۆتایی به یه‌كێك له‌ خوێناویترین و دژوارترین سه‌رده‌مه‌كانی سته‌م و دكتاتۆری هێنا، ئیتر هه‌رگیز واز له‌ ئازادی و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی ڕاپه‌ڕین ناهێنێت”.

دەشڵێت، “ڕاپه‌ڕین به‌ بڕوا و ئیراده‌ی مه‌زنی گه‌لی کوردستان بۆ ئازادی و سه‌رفرازی، به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی سه‌ركه‌وت و ده‌ستكه‌وته‌كانی له‌ ده‌ستووری عێراقی فیدراڵیدا چه‌سپاند، ئێستاش هه‌ر به‌ یه‌کڕیزی ده‌توانێت به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر فیدراڵی و ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێته‌وه‌ و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ نه‌وه‌كانی مسۆگه‌ر بكات”.

سەرۆکی هەرێم جەخت لەوەش دەکاتەوە، “ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی راپه‌ڕین له‌ ژیان و ئازادی، دیموكراسی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و پێشكه‌وتوو، له‌ بنیاتنانی ئێستا و داهاتوویه‌كی باشتر، له‌ كوردستانێكی به‌هێز كه‌ لانكه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن و لێبورده‌یی بێت، ته‌نیا به‌ كاری هاوبه‌ش و یه‌كهه‌ڵوێستی و پێكه‌وه‌ییمان ده‌بێت”.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا دەڵێت، “مێژوو سه‌لماندوویه‌تی كه‌ ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی، ئه‌زموونی زۆر تاڵن و زیانی زۆریان له‌ پێگه‌ و ده‌رفه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كان داوه‌، بۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین ده‌بێ هه‌میشه‌ بۆ هه‌موومان وانه‌ و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كارمان بێت، با به‌ بڕوا و ئومێده‌وه‌ هه‌موومان پێكه‌وه ده‌ست له‌ناو ده‌ست‌، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگاری و سه‌ختییه‌كان و له‌پێناو داهاتوویه‌كی باشتردا كار بكه‌ین”.

بابەتی پێشتر

نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی نوێی تۆمارکرد

بابەتی دواتر

بەندەری ئوم قەسر بەرزترین تێکڕای قەبارەی کاڵای هاوردەکراوی لە مانگی شوبات تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share