ڕێکخراوێكی ئەمریكی: سوپای تورکیا بە گوندنشینانی هەرێمی وتووە بگەڕێنەوە شوێنەکانتان دەکوژرێن

نەخشەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە سنوری هەرێم

ڕێکخراوی (CPT)ی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر سنورەکانی هەرێم ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “سوپای تورکیا بە دانیشتوانی چەندین گوندی وتووە، بگەڕێنەوە سەر زەویوزارەکانیان، دەکوژرێن”.

تیمی کوردستانی ڕێکخراوی (CPT) لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاشکرایانکرد، “تا ئێستا دانیشتوانی نزیکەی 100 گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و دەوروبەری ئاوارەبوون و ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان دانیشتوانی دەیان گوندی دیکە بڵاوبۆتەوە، چونکە ئەوەی سوپای تورکیا دەیکات داگیرکردنی ناوچەکە و دروستکردنی شوێنێکە وەک ناوچەی ئارام لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراقدا”.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، “سوپای تورکیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، چەندین بارەگای لە ناوچەکانی نزیک ئاڤاشین و ناحیەی کانی ماسێ دروستکردووە و لەگەڵ دروستکردنی بارەگاکاندا، جوڵە و ژیانی دانیشتوانی گوندەکانی قەدەغەکردووە”.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، “زیانی گەورە بەر چەندین ماڵی گوندنیشینانی نزیک هێرشەکانی تورکیا کەوتووە و هاوکات لە بۆردوومانی ناوچەی مسکێدا، کەنیسەیەک بۆردومان کراوە”.

(CPT) ئاشکرایدەکات، لە گوندی هرورێ، سەربازانی تورکیا بە جوتیاران و دانیشتوانی گوندەکەیان وتووە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆسەر زەویوزارەکانتان، وەک گەریلاکان مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت و دەکوژرێن.

(CPT) هۆشداری دەدات، ئەوەی سوپای تورکیا لەماوەی دوو مانگدا دەستیپێکردووە، داگیرکارییە و ئۆپەراسیۆنی خۆپاراستن نییە، چونکە بە تەواوی ئەو ناوچانەی لە خەڵکی گوندەکان دابڕیووە و مەترسی لەسەر ژیانی دەیان گوندنیشن دروستکردووە.

ڕێکخراوی (CPT)، ڕێکخراوێکی ئەمریکیی نێودەوڵەتییە و کار و چالاکییەکانی لەبواری نەهێشتنی توندوتیژی و چەسپاندنی دادپەروەرییە.

بابەتی پێشتر

پاڵەوانی ئەوروپا هەوڵ بۆ پشتگوێخراوەکەی بەرشلۆنە دەدات

بابەتی دواتر

هەپەگە: توركیا لە سێ‌ شوێنی ئاڤاشین پاشەكشەی كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share