پزیشکێکی پسپۆڕی زانستی خۆراک چەند رێنماییەک بۆ نەهێشتنی ورگ و قەڵەوی ورگ دەخاتەڕوو.
د. کامهران رەسوڵ ژاژڵهیی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، کۆمەڵێک رێنمایی گرنگ بۆ ئەو کەسانە دەخاتەڕوو کە بەدەست گرفتی زیادبوونی ورگەوە دەناڵێنن.
ئەو پزیشکە رێنماییەکان بەمشێوەیە پۆلێن دەکات:
1-خواردنی خۆراکی کەم کالۆری و تەندروست :
– ژەمی بەیانی نانی جۆ یا گەنمەشامی یا شۆفان بخۆ لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی ( ئاردی بۆر باشترە هەمیشە) .
– خواردنی بڕی پێویست لە سەوزە و میوەی فرێش و کالۆری کەم لە نێوان ژەمەکان لەگەڵ خواردنی قاپێک زەڵاتە چارەکێک پێش ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە ، هاوشێوەی چێشتخانە و رێستۆڕانتەکان پێویستە یەکەم جار زەڵاتەکە لە سەر سفرەکە دابنرێت، دواتر چێشت و خواردنەکە دابنرێت .
– خواردنی ماسی بەتایبەت ماسی سەلموون و سەردین کە دەوڵەمەندن بە ئۆمیگا -3 هەفتەی سێ جار .
– بەکارهێنانی زەیتی زەیتون یا کەتان بۆ چێشتلێنان .
– بەکارهێنانی سرکەی سێو و زەنجەبیل و بیبەری تون و بەهارات لە ناو زەڵاتە و کەمکردنەوەی بڕی خوێی چێشت.
– خواردنی پاقلەمەنییەکان هەفتەی چەند جارێک.
– خواردنەوەی قاوە و چای سەوز، بەڵام بە تاڵی و بێ شەکر .
– وازهێنان لەو خۆراکانەی چەوری ورگ زیاد دەکەن وەک شیرینی ئیشی هەویر، شەکر، خواردنەوە گازیی و کحولییەکان، خواردنی خێرا و ساردەمەنی و ئاردی سپی و برنجی سپی ( لە بری برنجی سپی برنجی قاوەیی یان بۆر کە لەسەری نوسراوە ( brown rice ) یان ساوەر یان قەرەخەرمان بخۆ .
– خواردنی پیاڵەیەک یا دوو پیاڵە چەرەسی کاڵ و بێ خوێ رۆژانە وەک بادام ، فستق، گازۆ، گوێز .
2 – خواردنەوەی بڕێکی پێویست لە ئاو رۆژانە لەگەڵ دوو پەرداخ ئاوی گەرم بە سکی ناشتا و خواردنەوەی پەرداخێک یان زیاتر نیو کاتژمێر پێش ژەمە سەرەکییەکان .
3 -وەرزشکردن رۆژانە کاتژمێرێک یان زیاتر یا لانی کەم هەفتەی پێنج کاتژمێر بە تایبەت وەرزشی کاردیۆ، مەلەکردن، راکردن، پاسکیل سواری .
4 – نووستنی باش و تەندروست خاڵێکی سەرەکی چارەسەری ورگە و دوور کەوتنەوە لە کەمخەویی و شەونخوونی.
5 – دوور کەوتنەوە لە دانیشتنی زۆر، بە پێ رۆیشتن لە بری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل ، بە کارهێنانی قادرمە لە جیاتی ئەسانسۆر .
6 – پەیڕەوکردنی رێجیمی لۆکارب و کیتۆ و پڕۆتین و هاوشێوەکانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو .
7 – زۆر گرنگە هۆکاری قەڵەوی ورگ و کۆبوونەوەی چەوری لە ورگ دەست نیشان بکرێت و چارەسەر بکرێت گەر بتوانرێت یا کەم بکرێتەوە وەک کێشەی تێکچوونی هۆرمۆنەکان، قەلەقی، خەمۆکی، هەروەها جۆری قەڵەوی ورگ جیا بکرێتەوە.