یەكێتی: خەڵك متمانە بە هێزێك نادات كاریان تەنها چەوساندنەوە و نەدانی مووچە بێت

بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی لە وەڵامی كاربەدەستێكی پارتیدا دەڵێت، خەڵک ئامادەنییە متمانە بە هێزێک بکات کە تەنها کاریان چەوساندنەوە و نەدانی مووچە بێت.

مەجید حەمەدەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، وەک یەکێتی چاوەڕوان بووین سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە گفتوگۆ بکەین بۆ بەشداری لە حکومەتە خۆجێیەکان، بەڵام بەداخەوە لەئێستاوە چەند دەنگێکی نەشاز دەبیسترێن و دەیانەوێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە ئاقارێکی دیكەدا ببەن و خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن.

لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی نووسینێكی مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغداد دەداتەوە و بە “دەنگێکی یەکجار ناشاز” ناویدەبات كە “چەندین جارە دەیەوێ بە قسەی بێ بنەما شکستەکانی خۆیان پەردەپۆش بکەن”.

دەشڵێت، ئەنجامی دەنگەکان سەلماندی کە قەبارەی یەکێتی لە کەرکوک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان چەندە گەورەیە و خەڵکی دیكەش قەبارەیان چەندە. دووپاتیشیدەكاتەوە، “ئێمە باش دەزانین کاک مەریوان و حزبەکەی ترسیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و ئەم شکستەی ئەوان و سەرکەوتنەی یەکێتی سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە دووبارە کوردستانیان متمانە بەو هێزە دەبەخشنەوە کە شۆڕشی هەڵگیرساندەوە و راپەڕینی ئەنجامدا”.

مەجید حەمەدەمین ئەوەشی خستەڕوو، لەوەش باش تێدەگەن کە مەریوان قەرەنی و هاوئاوازەکانیان دەیانەوێ دەستی چەوری شکستی خۆیان بە خەڵکی دیكە بسڕنەوە و بوختان دروستبکەن، ئەگەرنا خۆیان باش دەزانن بەرهەمی حوکمڕانی و خەڵک چەوساندنەوەکەیان هەر ئەم شکستانەیە و چیتر خەڵک ئامادەنییە متمانە بە هێزێک بکات کە تەنها کاریان تەخوینکردنی بەرامبەر و چەوساندنەوە و نەدانی مووچە بێت.

لەکۆتاییدا هیوا دەخوازێت چیتر كاربەدەستانی پارتی “کورد و کوردستان نەکەنە قوربانی عینادی خۆیان، واباشترە کاک مەریوان لەبری ئەم قسە سواوانە خەمێک لە حزبەکەی بخوا و لەخۆیان بپرسێ ئەرێ بۆ خەڵک ئێمەی ناوێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سامانە سروشتییەکان: هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانی ماددیی گەورەیان بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان زیانی ماددیی گەورەیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروستكردووە. وەزارەتی…
Total
0
Share