سوریا و ئێران ڕێککەوتنێکیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە دراوی ناوخۆی و نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەکانی نەوتی دیمەشق واژووکرد لەگەڵ یاداشتی لێکتێگەیشتنی باج و گومرگی نێوانیان.
تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، “بە ئامادەبوونی حسێن عەرنوس، سەرۆک وەزیرانی سوریا و محەمەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، تاران و دیمەشق ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان لەسەر دراوە ناوخۆییەکان و نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەکانی سوریا لەلایەن ئێرانەوە لەگەڵ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی باج و گومرگی واژووکردووە”.
لەهەمان کاتدا هەردوولا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە هاوکاری نێوان بانکی ناوەندیی سوریا و ئێران و چەند یاداشتێکی دیکە لە بواری گەشتیاری و هاوکاری لە بواری کەلوپەلی مێژوویی و مۆزەخانە و وەرزشیدا واژووکرد.
کۆبوونەوەکانی پانزەهەمین خولی لیژنەی باڵای هاوبەشی سوریا و ئێران، لە تاران بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی سوریا و جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامادەبوونی شاندەکانی هەردوو وڵات بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا ساڵانێک بوو ڕاگیرابوو.