ئەو وێنانەی جیهانیان هەژاند.. لەناو پاشماوەی لاشەی ئاژەڵدا بۆ خۆراك دەگەڕێن

قەیرانی ئابوری و برسێتی لە بەرازیل گەیشتوونەتە ڕادەیەك، خەڵك لەناو پاشماوەی ئێسك و لاشەی ئاژەڵدا بەدوای لەتی بچووكی گۆشتدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیكەن بە ژەمی سەرەكیی ڕۆژانەیان.

وێنەكان لەلایەن وێنەگری ناوداری بەرازیلی دۆمینگۆس پیكسۆتۆ چركێندراون و لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبوونەتەوە و دەنگدانەوەی فراوانیان بەدوای خۆیاندا هێناوە، پەرلەمانی بەرازیل لەبارەی دیمەنەكانەوە هاتەدەنگ و باس لە زیاتر بڵاوبوونەوەی برسێتی لەو وڵاتە دەكات.

ئەوانەی لە وێنەكاندا دەبینرێن هاوڵاتیی بەرازیلین، برسێتی ناچاریكردوون لەناو ئەو لۆرییانەدا كە پاشماوەی لاشەی ئاژەڵ و ئێسك بۆ كارگەكانی دروستكردنی سابوون و ئالیك دەگوازنەوە، بەدوای لەتەگۆشتدا بگەڕێن.

شۆفێری یەكێك لەو بارهەڵگرانە بە فۆتۆگرافەرەكەی وتووە، “گریانم دێت، پێشتر خەڵك دەهاتن بۆلام ئێسكیان بۆ سەگەكانیان دەبرد، بەڵام ئێستا بۆ دروستكردنی چێشت بۆخۆیان دەیبەن”.

دێنیس دا سلڤیا ژنێكی خەڵكی بەرازیلە، بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندووە، لەناو ئێسكەكاندا بۆ خۆراك دەگەڕێت و دەبێت پێنج منداڵ و 12 نەوەكەی تێربكات.

ئەو ژنە وتوویەتی، “بارودۆخمان زۆر خراپە، دوایین جار كە تۆزێك گۆشتم خوارد پێش هاتنی كۆرۆنا بوو”.

بەرازیل بە قەیرانێكی ئابوریی سەختدا گوزەردەكات و كار گەیشتووە بەوەی تەنها بۆ یەك جار كڕینی خۆراك و پێداویستیی ڕۆژانە، خەڵك بە توورەكە و فەردە پارە لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆ بازاڕ.

بابەتی پێشتر

وێنە..كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان مانگرتنیان ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

عەسائیب ئەهلی حەق باس لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە كورد دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share