هەڤاڵ ئەبوبەكر: بێئاگایانە دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان دەبڕینەوە

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، گەر وابڕوات بەرەو کوژانەوەی سەرتاسەری سیستمی گشتی و وێرانکردنی کەرتی گشتی و تایبەت و بەتاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپورکردنی سەرخانی وڵات دەچین و بێئاگایانە دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان دەبڕینەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە كە وەك خۆی نوسیویەتی بۆ ئەوانەیە كە “تەڕاییەک لە بەرپرسیارێتی و دڵۆپێک لە خەمی گشتی و تروسکاییەک لە ئومێد و پوشێک لە چارەسەر، لە ویژدان و باوەڕ و گوفتار و کرداریاندا ماوە”.

هۆشداریشیدەدات لەوەی گەر وابڕوات بەرەو کوژانەوەی سەرتاسەری سیستمی گشتی و وێرانکردنی کەرتی گشتی و تایبەت و بەتاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپورکردنی سەرخانی وڵات و شکاندنی ئێسکە پەیکەری دامودەزگاکان و هاوڵاتیان دەچین و بێئاگایانە؛ بەرنامەی دژەکان جێبەجێدەکەین و دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان دەبڕینەوە.

دەقی پەیامەكە:

بۆ ئەوانەی تەڕاییەک لە بەرپرسیارێتیی و دڵۆپێک لە خەمی گشتیی و تروسکاییەک لە ئومێدو پوشێک لە چارەسەر، لە ویژدان و باوەڕو گوفتارو کرداریاندا؛ ماوە..
ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات و بەرپرسیارێتییەکان ئاوابن و هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆی، لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ دۆخی هەرێمایەتیی و لەگەڵ دنیای دەرەوە؛ وەک ئێستا بەڕێوەبەرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لە حکومەت و خزمەت و ژیان و بژێویی و ژینگەی گشتیی؛ بەدوربگرن و، خۆشیان بە خاوەنی زەوی و دەسکەوت و داهات و هێزو وزەو کانزاو بازاڕ بزانن، ئیتر وەک پێشتر هەموولایەکمان ئاگادارکردەوەو کەس بەبای خەیاڵیشیدا نەهات؛
بەرەو کوژانەوەی سەرتاسەری سیستمی گشتیی و وێرانکردنی کەرتی گشتیی و تایبەت و بەتاڵانبردنی ژێرخانی وڵات و خاپورکردنی سەرخانی وڵات و شکاندنی ئێسکە پەیکەری دامودەزگاکان و هاووڵاتیان؛ دەچین.
بێئاگایانە؛ بەرنامەی دژەکان جێبەجێدەکەین و دارەکەی ژێر پێی خۆمان بە دەستی خۆمان؛ دەبڕینەوە.
دە ساڵە؛ لە لێکەوتەی نەزانیی یان زانایی چەتەگەرییانەی سی و دوو ساڵی ڕابردووەوە؛ چارەسەر نەک پلان و دانانی ستراتیژ، بۆ بوجەو موچەو هێزو وزەو خاک و خزمەتگوزارییەکان و بە دامەزراوەیبوون و هاووڵاتیبوون و دەوڵەتداریی و یاساسەروەریی؛ نەکراوە.
ئەمڕۆ؛ هەموو جوڵەیەکی ژیان و بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی نەبونی بەرنامەو پلان و موچەو بوجەو نرخی دراوو نەختینەو کوژانەوەی سەرتاسەریی کارەباوە؛ لە هەموو کەرتە خودیی و کەسیی و تایبەت و گشتییەکاندا وەستاون.
ئەگەر ئەمڕۆ، ڕادەی کەمی ئەم هەڕەشەو کێشەو قەیران و کارەساتانە چارەسەرنەکرێن؛ نە هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی، نە فرە حیزبیی، نە ئەم هەموو ماکینەو کۆمپانیا میدیایانەی لە داهاتی گشتیی داتانناون، سودێکی بۆ خزمەتی گشتیی نابێت و هەرێم دەکەوێت، کەوتنێک کە بۆ دەیان ساڵی ئایندە؛ هەستانەوە بەدوای خۆیدا ناهێنێت..
لە کاتی زایەکراوداین؛ تکایە، داوایە، دەردە، خواستە، مەرگە، کەوتنی هەموو شتێکە؛ ئەمڕۆ، کوژانەوەو کەوتنی سیستمی گشتیی چارەسەر بکەن.
من؛ وتم، دەخوازم؛ تۆ بیستبێتت..
من؛ نوسیم، دەخوازم؛ تۆ؛ خوێندبێتەوە..
من؛ کردم، تۆش؛ بیکە، ڕۆژی دەستپێشخەریی کەسیی و خۆنەویستیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە..
(ماڵمان؛ پڕە لە ڕازیانە، با؛ بە؛ سکیەشە؛ نەمرین).

بابەتی پێشتر

عێراق داوای پێكهێنانی كۆمەڵەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا دەكات

بابەتی دواتر

بەم هەنگاوانە خۆت لە تەمەڵیی زستانە بپارێزە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لۆگۆیەكی دیكە لە تاكسی دەدرێت

سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ جیاكردنەوەی كاركردنی تاكسیی ناوشار و دەرەوەی شار ئامادەكاری بۆ لێدانی لۆگۆیەكی…
Total
0
Share