بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك لەنێوان بانكی ناوەندیی عیراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تایبەت بە دۆلار بەڕێوەبچێت.
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، “كۆبوونەوەكە تایبەت بە دۆلار و كاری بانكەكان لە عێراق دەبێت”.
بەمدواییە رێككەوتنێك لەنێوان بانكی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریكدا ئەنجامدرا و بووەهۆی زیادبوونی ئەو بانكانەی دەتوانن رەسیدیان بە دۆلار پەرەپێدەدەن بۆ 10 بانك، كە پێنج بانكیان لەڕێی (سیتی بانك) و پێنجەكەی دیكەیان لەڕێی بانكی (چی پی مۆرگان)ەوە دەبێت.
ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە لە دیدارێكی ئێوارەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق جەختی لێكرایەوە.
لە راگەیەندراوێكی نوسینگەی سودانی-دا هاتووە، تاوتوێی پەیوەندییەكانی هەماهەنگی نێوان بانكی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریكا كرا، كە بڕیارە تاوتوێی چەند تەوەرێك بكرێت لەو كۆبوونەوەیەی هەردوولا لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامیدەدەن.