واشنتۆن سزای دارایی لەسەر بەرپرسانی پێشووی ئێران هەڵگرت و ئەنجومەنی پیرانیش نیگەرانە

دەسەڵاتدارانی واشنتۆن ئاشکرایانکرد سزایی دارایی سەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانیی پێشوو هەڵگرت و لەبەرامبەردا سزای بەسەر گروپێکی دیکەدا سەپاند بەهۆی ئەوەی هاوکارییان پێشکەشی حوسییەکانی یەمەن کردووە.

هەڵگرتنی ئەم سزایانەی سەر بەرپرسانی ئێران لەکاتێکدایە ماوەی دوو مانگە دانوستانەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە.

ئەو بەرپرسانەی پێشووی ئێران کە سزایان لەسەر هەڵگیراوە ژمارەیان سێ کەسە کە هاوبەشبوون و پیستر بەتۆمەتی، فرۆشتن یان کڕین و مامەڵەپێوەکردن و بەبازاڕکردن و گواستنەوەی ماددەی پێترۆکیمیایی ئێران سزادراون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزای داراییان لەسەر سێ بەرپرسی پێشووی ئێرانی هەڵگرتووە یەکێک لەوانە، سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێرانە.

لەلایەکی دیکەوە واشنتۆن ڕایگەیاند، سزای داراییان بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و گروپی ئێرانیدا سەپاندووە، سزاکانی ئەمجارەشیان ئەو کەس و لایەنانەی گرتووەتەوە کە هاوکاریی حوسییەکان دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێک لەوانەی سزای بەسەردا سەپێنراوە، سەعید جەمالە کە سەرپەرشتیاری تۆڕێکی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی دەکات بەشێوەی نایاسایی، بۆ پاڵپشتیکردنی حوسییەکان و سوپای پاسدارانی ئێران.

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیان لەبڕیاری هەڵگرتنی سزای سەر ئەو بەرپرسە ئێرانیانە دەربڕی و دڵەڕاوکێی ئەنجومەنەکەی لە مەترسیی ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەشاردەوە.

جەختیشیکردەوە ئێران یەکەم میراتگری تیرۆرە لە جیهاندا و لەسەرەتای دەستبەکاربوونی جۆ بایدنیشەوە کارە دوژمنکارانەکانی زیاتر پەرەپێداوە.

بابەتی پێشتر

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داوای قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتییان دەکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە

بابەتی دواتر

سەرۆکی پێشووی مۆساد نهێنیی دزەپێکردنی ئەرشیفی دۆسیە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share