كورد هەڵبژاردنی چەسپاندنی پێگە لە كەركوك ئەنجامدەدات

ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە مانگی داهاتوو بۆ ئەنجومەنی ‏پارێزگاكانی عێراق ئەنجامبدرێت، بۆ كورد لە كەركوك ‏هەڵبژاردنی چارەنووس و چەسپاندنی پێگەیە، شارەزایەكی ‏بوارەكەش بە گرنگترین هەڵبژاردن بۆ كورد ناویدەبات‎.‎

رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ‏پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە كەركوك پێنج لیستی ‏كوردی، چوار لیستی عەرەبی و سێ لیستی توركمانی ‏کێبڕکێ لەسەر 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن‎.‎

لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ‌‎18‌‏ ساڵە هەڵبژاردن لە کەرکوک ‏ئەنجام نەدراوە و یەك لیستیی كورد كە دەیتوانی زامنی ‏پێگەكەی بكات، سەرەڕای هەوڵەكان نەهاتەدی، كورد بە ‏چەند لیستێك بەشداری دەكات و هەوڵەکانی دروستكردنی ‏هاوپەیمانی تەنها لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ‏حزبی شیوعیی كوردستاندا گەیشتە ئەنجام بە پێكهێنانی ‏هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) كە ژمارەكەی بۆ ‏هەڵبژاردن 142ە‎. ‎

ئاسۆ مامەند، سەرۆکی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ‏ئیرادەمانە) بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە نەبوونی ‏ئەنجومەنی پارێزگادا، دەسەڵاتەکان تاکلایەنانە مامەڵەیان ‏لەگەڵ تەواوی پرسەکاندا کردووە، لایەنی کوردی هەستی بەو ‏نادادپەروەرییە کردووە و هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەم ‏هەڵبژاردنە زۆر گرنگە‎. ‎

وتیشی، “پێویستە هاوڵاتیان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن ‏و بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، خەڵک لەوە تێدەگات کە ‏هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) لیستی‏ سەرۆک مام ‏جەلالە و، بەڵێن دەدەم ئەو کاندیدانەی سەرکەوتن ‏بەدەستدەهێنن و دەچنە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ‏نوێنەری راستەقینەی هاوڵاتیان دەبن‎”.‎

سەرۆکی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە)‏ ئەوەشی ‏خستەڕوو، ئەو کاتەی کە زۆرترین کورسیمان لە ئەنجومەنی ‏پارێزگای کەرکوک بەدەستهێنا، هیچ رێگرییەک نامێنێت ‏لەبەرامبەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە پاڵپشت بۆ هێشتنەوە و چەسپاندنی ‏پێگەی كورد لە شارەكەدا، هەربۆیە شارەزایەكی بوارەکە بە ‏گرنگترین هەڵبژاردن ناویدەبات‎.‎

سەرباز سەید مەحمود، شارەزای بواری هەڵبژاردن بە تۆڕی ‏میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو هەڵبژاردنە گرنگییەکی زۆری ‏بۆ کورد لە پارێزگای کەرکوک هەیە، کورد بە چەندین لیست ‏بەشداریکردووە، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر پێگەی کورد لەو ‏شارەدا‎.‎ ‎ ‎

وتیشی، “لە مێژووی ئەو شارەدا هیچ هەڵبژاردنێک هێندەی ‏ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا بۆ کورد گرنگ نەبووە، هەربۆیە ‏لەسەر لایەنە سیاسییە کوردییەکان پێویستە هەوڵەکانیان ‏چڕبکەنەوە بە ئاراستەی هاندانی هاوڵاتییانی کورد لە ‏کەرکوک بۆ ئەوەی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن لەپێناو ‏سەرکەوتنی كورد”.‏

بابەتی پێشتر

بە درۆن هێرشكرایەسەر فڕۆكەخانەی هەریر

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستیی عێراق پشكی هەرێم لە دەرمان ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share