جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دیداری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیەنێت، ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە سلێمانی پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و تیایدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکی باش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد، بەڵام بە داخەوە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا و بە تایبەتیش کێشەی بودجە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، “بەهۆی بێ بودجەیی و دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستە لە بەغداد تێگەیشتنێکی دروست بۆ دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم هەبێت و مووچەی فەرمانبەران جیابکرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و بەغداد کرا بە تایبەتیش لەو ناوچانەی کە هێڵی تەماسن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانی دیکە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشیکردەوە، نەک تەنها پێویستە هەماهەنگی تەواو لەنێوان هێزە ئەمنییەکاندا هەبێت، بەڵکو دەبێت حکومەتی فیدراڵ بە یەک چاو سەیری هەموو هێزە عێراقییەکاندا بکات و لەناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، تا هیچ درز و کەلێنێک نەمێنێتەوە بۆ گروپە تیرۆریستییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری، چونکە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق پێکەوە گرێدراون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە هیرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێم لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی فیدرال ئەم بابەتە بە گرنگ وەربگرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا کاری جدی بکرێت بۆ رێگریکردن لە بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە کە ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی هەرێم دەبنە قوربانی.