وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، ھێشتا لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەگەیشتونەتە رێککەوتن.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی تورکیا نەکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و وتی، “تا ئێستا کارەکانی هەناردەکردن لە کێڵگەکانی کوردستانەوە راگیراوە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە عێراق ئێستا چوار ملیۆن و 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندووە و هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی ئەیلول لە نێوان سێ ملیۆن و 350 هەزار بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدایە.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لە 25ی ئازاری ئەمساڵ، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیرا و سەرەڕای چەندین گفتوگۆ لەنێوان ئەنقەرە و بەغداد، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتن و هەردوولا داوای قەرەبوو لە یەکتر دەکەن.