د. خالید حەیدەر ئاشکرایدەکات، ئەوەی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر نرخی دینار دادەنێت لە عێراقدا، گرژییە سیاسییەکانە.
د. خالید حەیدەر، مامۆستای بەشی ئابوری لە زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەردەوام لەژێر کاریگەریی قسە و گرژییە سیاسییەکاندایە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر نرخی دینار.
وتیشی، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دینار ئەوەیە کە عێراق لە سەرەتای ساڵی داراییدایە و هەمیشە لەم کاتانەی ساڵ نرخی دینار دادەبەزێت، بەڵام کاتییە و زۆر بەردەوام نابێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە نرخی دۆلار دادەبەزێنێت، بەڵام بە بۆچوونی شارەزایان جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی عێراق سەخت دەبێت، بۆیە ئەگەر هەیە نرخی جێگیرکراوی دۆلار لە ئەمساڵدا زیادبکرێت و نرخی 1 دۆلار بە 1500 دینار بۆ 1600 دینار جێگیربکرێت، ئەگەر ئەمەش جێگیربکرێت قورساییەکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی هاوڵاتییان.