سەرۆكی رێکخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا هاوكاربێت لە چارەسەركردنی كێشەكان بە تایبەت پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان.
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند وتی، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و دەزانین كێشەی دارایی هەیە و بەڵام دەبێت یاسا جێبەجێبكرێت.
ئەحمەد گەرمیانی باسیلەوەشكرد، سەرۆك وەزیران بەڵێنیداوە كە هاوكاربێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و بە تایبەت پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان.
هاوكات عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، شاندێكی نێودەوڵەتی بە سەردانێك لە بەغدادن و یەكێتیی مامۆستایانی عێراقیش لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربووە و ئێمەش وەكو نوێنەری هەرێم بەشداربووین و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا گرفتی مامۆستایان و كێشەكانی تایبەت بە پرسی مووچە و بودجە لەگەڵ هەرێم چارەسەربكرێن، بەڵام گرنگە ئەو بەڵێنانەی كە دەدرێن بكرێنە كردار.