وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم هەموو پابەندیەكانی خۆی لە یاسای بودجەی عێراق جێبەجێكردووە و تا هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانویەكی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر كۆبووەتەوە و وەزیری دارایی باسی لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كرد و رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەهەماهەنگی بەردەوامدان و لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان هەموو ئەو داواكارییانەی جێبەجێكردووە كە لەیاساكەدا هاتووە، تیمە هونەرییەكانی هەردوولاش بە بەردەوامی لەسەر هێڵن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانوویەكی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.
لە دیدارەكەدا زەهرا بێل جێگری كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لەهەولێر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ دەستەبەركردنی مافە یاسایی و دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و هیوای خواست حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی پابەندبن بەجێبەجێكردنی یاسای بودجە و ئەركەكانیان بەرامبەر یەكتر جێبەجێبكەن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا وەزیری دارایی جەختیكردووەتەوە كە ماوەی دوو ساڵە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیەو وردبینی لە سەرجەم ئەو داتا و ڕاپۆرتانە كراون كە هەرێمی كوردستان دەربارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داهاتە نانەوتییەكان پێشكەشی حكومەتی فیدراڵی كردووە.