بەمەبەستی ماڵئاوایی دوای كۆتاییهاتنی ئەركەكەی كونسوڵی گشتیی فەرەنسا سەردانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد.
ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئەمڕۆ لە هەولێر سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد.
لە دیدارەكەدا، بەبۆنەی ماڵئاوايى و كۆتاييهاتنى ئهركی کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم، قوباد تاڵەبانی ستایشی ئۆليڤيێ ديكۆتينى کرد لە پای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لە هەموو شارەکانی هەرێم و لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دێرینی کورد و فەڕەنسا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
کونسوڵی فەڕەنسا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی پێسپێردرابوو و پابەندی وڵاتەکەشی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و رۆڵی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی بەرزنرخاند لە ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەرە جیاجیاکاندا بە ئاراستەی باشترکردنی پرۆسەی حوکمڕانی لە کوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، دواتر تیشک خرایەسەر دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا قوباد تاڵەبانی کتێبێکی لەبارەی مێژووی کوردستانەوە وەک دیاری ماڵئاوایی پێشكەشی کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا کرد.