دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڕیاری ناردنی پەنابەران لە وڵاتەکەی بەرەو روەندا بە نایاسایی لە قەڵەمدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بڵاویکردەوە، “لە دوایین دادبینیکردن بۆ دۆسیەی ناردنی پەنابەران بۆ روەندا بڕیاردراوە بڕیارەکەی حکومەتی بەریتانیا بە نایاسایی هەژماربکرێت”.
ساڵی رابردوو و لەو کاتەی بۆریس جۆنس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوو بڕیاردرا، بەشێک لەو کۆچبەرانەی روویان لە وڵاتەکە کردووە و مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە بە شێوەی زۆرەملی رەوانەی وڵاتی روەندا بکرێت بەپێی رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە.
هەر زوو بەشێک لەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرییان نەبوو نامەی ئاگاداریان بۆ چووبوو کە لە ناویشیاندا ژمارەیەک کورد و سووری و ئەفریقی هەبوون.
هاوکات لە کۆتایی ساڵی رابردوو دادگای باڵای لەندەن لەبارەی یاساییبوونی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ رواندا کۆبووەوە و رایگەیاند، ناردنی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە یاساییە، ئەمەش جارێکی دیکە ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.