ئاوات شێخ جەناب: بەرامبەر بەغداد سازش ناكەین

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە هیچ جۆرێك سازش لە مافە یاسایی و دەستووریيەكانمان ناكەین.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم پێشوازیكرد لە محەمەد مەولود یاقوت كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری.

لەدیدارێكدا وەزیری دارایی پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە حكومەت و گەلی توركیا كرد و هیوای خواست سەردەمێكی نوێ لە توركیا بێتە ئاراوە.

لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدادش، وەزیری دارایی روونیكردەوە لەسەر ئاستی باڵای سیاسیی هەرێم و بەغداد گفتوگۆ و پەیوەندییەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پڕۆژەیاسای بوجەی عێراق كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان.

روونیشیكردەوە وەك شاندی دانوستانكاری هەرێم پێشبینی ئەو كێشەو گۆڕانكارییانەیان نەكردووە بەهۆی ئەوەی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس رێككەوتنی سیاسی و حكومیان لەسەر بودجە و نەوت كردووە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیان بە دەقی یاسایی چەسپاندووە.

ئاوات جەناب نوری ئاماژەی بەوەشكرد، تاڕادەیەك نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانمان ناكەین و پابەندین بەو رێككەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوە و چاوەڕوانین سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئیجابی ببینێت لەو ڕووەوە.

بابەتی پێشتر

دارایی عێراق لەبارەی گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجە روونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share