خالید شوانی داوا لە هاوڵاتییانی شاری کەرکوک دەکات، بەپەلە شەقامەکان چۆڵبکەن و روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەرەتاوە پەیامی ئێمە پەیامی برایەتی بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک لایەنی عەرەبی داوا لە پێکهاتەی عەرەبی دەکەن بچن دەنگبدەن و ئەم ئیدارەیە بگۆڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگدەرانی ئێمە بە مەعنەویاتی پێشمەرگەوە دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ئەم ئیدارەیە دەپارێزن، رێگەنادەین راکان جبوری و کەسانی وەک ئەو یاری بە داهاتووی کەرکوک بکەن.
داوایشیکرد، ئەم دوو سێ کاتژمێرەی ماوە هەڵمەت بەرنە سندوقەکانی دەنگدان، شەقامەکان چۆڵبکەن و بە پەلە بچن دەنگبدەن، چۆن لە بەغداد توانیمان ئەو کەسە گەندەڵە لە کەرکوک دووربخەینەوە، رێگەنادەین بیرۆکەی عەرەبی شۆڤێنی بێنەوە دەسەڵات.