توێژەرێك سێ هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرادەكات

توێژەرێكی بواری ئابوری سێ هۆكار بە سەرچاوەی جارێكی دیكە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ناودەبات كە بە وتەی ئەو یەكێكیان وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە.

نەبیل جابر تەمیمی، توێژەری بواری ئابوری رایگەیاند، سێ هۆكار لەپشت جارێكی دیكە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردان، یەكەمیان ئەو فشارەی بانكی ناوەندی لەسەر كارتی پارەدانی ئەلیكترۆنی (كریدت كارت) كە بەمدواییە وەك رێگایەكی هەناردە (حەواڵە)ی پارە بۆ دەرەوەی عێراق بۆ پڕكردنەوەی خواستەكانی حەواڵە بەكارهێنرا و بەشێوەی نایاسایی كاریپێكرا.

سنوورداركردنی بەكارهێنانی ئەو جۆرە كارتانە بووەهۆی دروستبوونی گرفتی هەناردەی پارە لە بازاڕە ناوخۆییەكان و زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار، وەك ئەوەی تەمیمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی وت، تائێستا بڕی حەواڵەی دارایی دەرەكی لەلایەن پەنجەرەی فرۆشی دراوی بانكی ناوەندی لە سنووری 150 ملیۆن دۆلاری رۆژانەدایە، ئەوەش نزیكەی 75%ی خواستی راستەقینەی حەواڵە پڕدەكاتەوە، بۆیە بانكی ناوەندی پێویستی بە فراوانیی زیاتر هەیە بۆ ئەو 25%ی ماوە و، دۆزینەوەی شێوازێك بۆ ئەنجامدانی حەواڵەی تایبەت بە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران بە دراوی یوانی چینی یان درهەمی ئیماراتی بۆ دووركەوتنەوە لە فشاری بەردەوام لەسەر دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا.

سەبارەت بە هۆكاری سێیەمیش ئەو توێژەرە ئابورییە ئەوەی خستەڕوو، كاریگەرییی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەسەر بازاڕەكانی عێراق روونە، لە ساڵانی رابردوودا ئەو دۆلارانەی لە فرۆشتنی نەوتی كوردستانەوە بەدەستدەهات راستەوخۆ دەخرایە بازاڕەكانەوە بەبێ تێپەڕبوونی بە بانكی ناوەندیدا، لەئێستادا وەستاندنی هەناردە بارگرانییەكی دیكەی خستووەتەسەر بازاڕ كە ئەمەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

بابەتی پێشتر

وردەكاریی پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە توێژێكی مووچەخۆران ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

وێنە.. بڕێکی زۆر چەرەسی خراپبوو و ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەردا گیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share