تێچووی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی فەرمیی شای بەریتانیا چەندە؟

جیهان بۆ ماوەی سێ رۆژ چاوی لەسەر لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیایە كە تیایدا رێوڕەسمی فەرمی دەستبەكاربوونی شا چارلزی سێیەم بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەكرێت رێوڕەسمێكی مێژوویی دەگمەن بە بەشداری سەدان هەزار كەس لە بەریتانی، ئەوروپی و میوانانی سەرجەم وڵاتانی دیكەی جیهان ئەنجامبدرێت.

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی (CNBC)ی ئەمریكی رێوڕەسمەكە كە یەكەمینی لەو جۆرەیە لە بەریتانیا بەدرێژایی زیاتر لە 70 ساڵی رابردوو، تێچووی لەسەر وڵاتەكە زیاتر لە 145 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دەبێت.

بەڵام لەهەمان كاتدا چاوەڕوان دەكرێت خواست لەسەر چەندین كەرت و خزمەتگوزاری لە بەریتانیادا ببوژێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی رۆیشتنی هەزاران كەس لەمیانەی پشووی كۆتایی هەفتەدا بۆ ناوەڕاستی لەندەن-ی پایتەخت، هەروەك رۆژی دووشەممە بە پشووی فەرمی لە شانشینی یەكگرتوو دیاریكرا بەبۆنەی رێوڕەسمەكە و تا خەڵكی بتوانن بەشداری تیابكەن یان تەماشای بكەن، لە شەقامەكانەوە بێت یاخود لەڕێی میدیاكانەوە.

رێوڕەسمەكە كە سەرۆكی كڵێسای كانتربری بەڕێوەیدەبات ئەمڕۆ دەستپێدەكات و سێ رۆژ دەخایەنێت، ئاهەنگەكان لە لەندەن و سەرتاسەری شانشینی یەكگرتوو دەبێت، رۆژی دووشەممە 8ی ئایار دەگاتە ترۆپك.

لە رێوڕەسمەكەدا شا چارلز-ی تەمەن 74 ساڵ بە فەرمی دەستبەكاردەبێت، دوای ئەوەی لە 8ی ئەیلولی 2022 بووە پادشای بەریتانیا، لە هەمان رۆژی مردنی شاژنە ئەلیزابێسی دووەم.

(سی ئێن بی سی) دەڵێت، لەكاتێكدا پێشبینی دەكرێت ملیۆنان كەس بەم بۆنە مێژووییەوە ئاهەنگ بگێڕن، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاتە لەگەڵ قەیرانێكی قوڵی دارایی كە شانشینی یەكگرتوو پێوەی دەناڵێنن، بەهۆیەوە هەندێك لە بەریتانییەكان رەخنە لەم بۆنە پڕتێچووە دەگرن كە هاوكاتە لەگەڵ گرفتی بەرزبوونەوەی زۆری تێچووی ژیان.

بڕیارە لە ئاهەنگی (وستمنستر ئابی) نزیكەی دوو هەزار میوان لە گەورە كەسایەتییەكان بەشداربن، كە ئەمەش نزیكەی چارەكێكی ئەو ژمارەیە كە ئامادەی بۆنەی دەستبەكاربوونی شاژنی كۆچكردوو بوون.

هەروەك پێشبینی دەكرێت تێچووی رێوڕەسمەكانی پشووی كۆتایی هەفتە، كە “كاروانی شا” و ئاهەنگی میوزیكی باخچەكانی وندسور دەگرێتەوە، تێچووەكەی لەنێوان 50 ملیۆن پاوەند بۆ 100 ملیۆن پاوەند (63-125 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی) بێت، وەك ئەوەی تۆڕە ئەمریكییەكە ئاماژەی پێداوە.

خەرجیی بۆنەكە وەك زۆرینەی بۆنە گشتییەكان لەسەر ئەستۆی حكومەتی بەریتانیا دەبێت، لەگەڵ بەشداریی كۆشكی باكنگهام بە بەشێكی رانەگەیەندراوی تێچووەكەی.

لەم چێوەیەشدا، تێچووی پشووی رەسمی لە 8ی ئایار بۆ سەر ئابوریی شانشینی یەكگرتوو بە بڕی 1.36 ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت.

بەڵام حكومەت، سوورە لەسەر ئەوەی بۆنەكە ملیۆنان دەخاتە خەزێنەی كۆمپانیاكانەوە، بەتایبەت كەرتەكانی فرۆشی تاك، گەشتوگوزار و میوانداری كە لە رابردوودا زیانی گەورەی بەركەوتووە. بەپێی هەندێك لە هەڵسەنگاندەكان پێشبینی دەكرێت فرۆشی تاك رۆژانە بەنزیكەی 15% لە رۆژەكانی پشوودا زیادبكات.

یو كیە هۆسبیتالیتی، كە كۆمەڵەیەكی بازرگانیی پیشەسازیی میواندارییە دەڵێت، رێوڕەسمەكەی پادشتا نزیكەی 350 ملیۆن پاوەند بۆ كەرتەكە دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی، هاوشانی دوو پشووی دیكە لە بەریتانیا لەم مانگەدا، هەروەها پێشبڕكێكی گۆرانیی ئەوروپی لە لیڤەرپوڵ لە 13ی ئایار، دەشێت كۆی داهاتەكەی بگاتە یەك ملیار پاوەند.

بابەتی پێشتر

بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت دەکرێت

بابەتی دواتر

نمە باران و خۆڵبارین روو لە هەرێم دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە خوار 85 دۆلار…
Total
0
Share