دوو تیرۆریستی داعش کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکرابوون لەلایەن هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركران.
دەزگاكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچوون و کارکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵگەیان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو تیرۆریستی لە یاسا هەڵاتوو کە لە شارەکانی عێراقەوە هاتوونەتە شارەکانی هەرێم بەمەبەستی خۆحەشاردان.
راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە هەماهەنگی و هاریکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق هێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکرد و سەرئەنجام لە شەوی یەکشەممە 30ی نیسان لە دوو هەڵمەتی جیادا هەردوو تیرۆریست (س.م.ع.) و (ر.م.ع.) کە داواکراوبوون بە ماددەی (٤)ی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران.
یەکێک لە داواکراوان بە برینداری دەستگیرکرا و ئەم کەیسەش دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر رادەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەکرێتەوە، وەك ئەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی پێداوە.