ئەندامێکی یەکێتیی مامۆستایان پەیامێکی گرنگ ئاڕاستەی مامۆستایان دەکات

خۆپیشاندانێكی مامۆستایان فۆتۆ: ئەرشیف

ئەندامێکی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بانگەوازێک لە مامۆستایان دەکات و دەڵێت، “هەر بەڕێوەبەرێک پەیوەندی پێوەکردن بۆ کۆبوونەوەی خوێندنگە، بەشداری مەکەن”.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە نووسینێکیدا رایدەگەیەنێت، “هۆکاری سەرخستن و بەردەوامی بایکۆت ئەوەیە هەموومان بایکۆتمان لەپێناو خۆمان و قوتی ماڵ و منداڵمان کردووە لەبەرامبەر حکومەتێکی بێباکدا کە ساڵانە دوو بۆ سێ مووچەمان ئەخوات”.

ئاماژە بەوەش دەکات، “رەنگە بیرکردنەوەی هەڵەی خەڵکانێک هەبێت کە بیەوێت لە مافەکانمان بدات کە هەمیشە  پشتیان کردووەتە هاوپیشەکانیان و بێشەرمانە دژی مافەکانمان وەستاون”، هاوکات داوا لە مامۆستایان دەکات، “وێڕای سوپاسمان بۆ بەشی زۆری بەڕێوەبەرەکان، هەر بەڕێوەبەرێک پەیوەندی پێوەکردن بۆ کۆبوونەوەی خوێندنگە، هەتا ئەتوانن بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە مەکەن، ئەگەر بەشداریش بوون، پەیامتان ئەوەبێ کە بایکۆت بەردەوامە”.

دەشڵێت، “ئەگەر بایکۆت بشکێت ئەوا کۆتایی بەو هەوڵ و ماندوبوونانە دێت کە لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەند کاری بۆکراوە، بایکۆتی ئەمجارە پێچەوانەی بایکۆتەکانی پێشووترە چونکە دەنگمان گەیشتوە بە حکومەتی عێراق و ناوەندە جیهانیەکان، تکایە بەبای مەدەن”.

ئەو ئەندامەی یەکێتیی مامۆستایان داوایەکیش ئاڕاستەی بەڕێوەبەرەکان دەکات و دەڵێت، “داواکارین لە بەڕێوەبەرەکان هیچ جۆرە فشارێک دروست نەکەن، چونکە دۆخی کەسمان لەکەسی ترمان باشتر نییە، دەبێت بایکۆتی ئەمجارە ئەنجامی هەبێت، ناکرێت بۆ وەرگرتنی هەرمووچەیەک ئێمە ساڵانە چەندین بایکۆت و خۆپیشاندان بکەین”.

لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە، “داواکاریمان  پێدانی دوو مووچەیە کە مانگەکانی 8و 9 یە لەگەڵ دامەرراندنی مامۆستایانی وانەبێژان و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە کە مەرجی سەرەکی شکاندنی بایکۆتە”.

بابەتی پێشتر

خراپی کوالێتی دەرمانێک گرفتی گەورە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دروست دەکات

بابەتی دواتر

کۆندی پێنج هەفتە دووردەکەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share