ئەمڕۆ هەینی 18ی كانونی یەكەم، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و كارین پێنس-ی هاوژینی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا-یان وەرگرت.
پرۆسەی كوتانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا و هاوژینەكەی بە ڕاستەوخۆ لە كەناڵەكانی تەلەڤیزیۆنەوە پەخشكرا و ڤاكسینی فایزەر-یان لێدرا كە یەكەم ڤاكسینی دژەكۆرۆنا بووە و كۆمپانیایەكی ئەمریكی بەرهەمیهێناوە.
تا ئێستا بەشێک لە ئەمریکییەکان دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینی دژەكۆرۆنا و ترسیان هەیە لەوەی كوتانیان بەو ڤاكسینە، دووچاری گرفتی تەندروستییان بكاتەوە.
بۆ ڕەواندنەوەی ترسی خەڵك، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئەنتۆنی فاوچی، گەورە شارەزای نەخۆشییە گواستراوەكان لە ئەمریكا وتی، “پێویستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستا و جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراو لە نزیكترین كاتدا ڤاكسینەكە وەربگرن.”
ڕۆژی دواتر كۆشكی سپی ڕایگەیاند، “مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی هەینی لەمیانەی ڕێوڕەسمێكی گشتیدا ڤاكسینی دژەكۆرۆنا وەردەگرێت.”
ڕۆژی دووشەممە 14ی كانونی یەكەم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەكارهێنانی ڤاكسینی دژەكۆرۆنای بۆ یەكەم هاوڵاتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند و وتی، ” كوتان بە ڤاكسینی دژەكۆرۆنا دەستیپێكرد.”