بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوە بیانییەكان 110 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و حكومەت پلانێكی نوێی بۆ زیادكردنی هەیە.
لە رێگەی وەبەرهێنان و بەكارهێنانی یەدەگی دراوی بیانی لە سەرمایەگوزاریدا، بانكی ناوەندیی عێراق دەیەوێت پارێزگاری لە یەدەگی دراوە بیانییەكان بكات و تەنانەت زیادیبكات، وەك محەمەد یونس یاردەدەری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی رایگەیاندووە.
بەپێی وتەی ئەو كاربەدەستەی بانكی ناوەندی، ئێستا عێراق خاوەنی زیاتر لە 110 ملیار دۆلار دراوی بیانییە و لە رێگەی وەبەرهێنانیان لە كەرتی قازانجبەخشدا، هەوڵدەدەن بڕەكەیان زیادبكەن و لەو مەترسییانە بیانپارێزن كە رووبەڕووی یەدەگی دراوی بیانی دەبنەوە.
پێشتر موزهر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە 115 ملیار دۆلار نزیكبووەتەوە و بەشی 20 مانگ خەرجی و پێداویستیی عێراق دەكات.