وەزارەتی دارایی: ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 کۆتاییهات

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2027 و ناردنی بۆ بەغداد، بەکۆتاهات.

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتیی حکومەت، وەزارەتەکە بە ڕەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2027 ڕاگەیاند.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کرا.

وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەشدەکات، لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:

– دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

– دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ بەغداد.

– دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.

– جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو.

– هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.

– هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشوویان.

– چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بە هۆکاری جیاواز لە سیستمی(UPN)  تۆمارنەکراون، یاخود کێشەیان هەیە.

– دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية).

– بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.

– دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری جەختدەکاتەوە، ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، “هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە، مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن”.

داواش لە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، کە بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی، داکۆکی لەم پشکانە بکەن، تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ناو پەرلەماندا لە یاسای بودجەدا جێگیربکرێن و پشکی شایستەی هاووڵاتییانی هەرێم بە زووترین کات دەستەبەر ببێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share