لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16 كانونی یەكەم وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم، سەردانی پەرلەمانی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، هەردوو جێگرەکەی و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆڵی دەستوریی پەرلەمان کۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند “حکومەتی هەرێم پابەندە بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاساکە جێبەجێ بکات”، لە بەرامبەریشدا داوای كرد پەرلەمان ھاوكار بێت بۆ جێبەجێ كردنی یاساكە و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان.
لە دوای وتەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەبارەی دانووستانەکانی هەرێم و بەغداد پێشكەش كرد و لەمبارەیەوە گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: “پەرلەمان پاڵپشتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکات، ئەو چارەسەرەش خۆی لە پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی بە دەقی یاساکان دەبینێتەوە.