یەكێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی هەیە و داوای ‏جێبەجێكردنی دەكات

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای زیندووكردنەوەی خاڵێكی ڕێككەوتنەكەیان لە پارتی ‏دەكات، كە تایبەتە بە دانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كە پێشتر ‏لەگەڵ ئەو حزبە وەكو یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریكردنیان لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ‏دیارییكردبوو.‏

لە دوای ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، پۆستی پارێزگاری كەركوك لای كورد ‏نەماوە، لە دوو هەڵبژاردنی دوای ئەو ڕووداوانەشدا كورد زۆرینە بووە و یەكێتیی ‏نیشتمانیی كوردستانیش زۆرترین دەنگ و كورسیی لە پارێزگاكە هێناوە، سەرەڕای ئەوەی ‏لە ماوەی ڕابردوو یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان، جگە لە پارتی، ڕێككەوتن كە ‏كاندیدێكی كورد بۆ ئەو پۆستە دابنێن، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پارێزگارێكی كورد – ‏یەكێتی دابنرێت. ‏

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، كە لەسەرچاوە تایبەتەكانیەوە دەستیكەوتووە، لە ‏كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، یەكێتی باسی ‏زیندووكردنەوەی ئەو خاڵەیان كردووە و ڕایانگەیاندووە، ئەوان پێشتر ڕێككەوتنیان بۆ ‏پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كردووە، كە لەنێو خاڵەكاندا بەڕوونی باسی دانانی پۆستی ‏پارێزگاری كەركوك كراوە، كە وەكو یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریكردنی یەكێتی لە ‏كابینەی نۆیەمدا دانراوە.‏

سەرچاوەكە وتیشی، پێویستە لەگەڵ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، كار بۆ ‏دانانی پارێزگارێكی كورد – یەكێتی بكرێت بۆ شوێنگرتنەوەی راكان جبوری.‏

لەسەر هەمان پرس، ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و بەرپرسی ‏مەڵبەندی كەركوكی حزبەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پۆستی پارێزگاری ‏كەركوك هەر لەسەرەتاوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەشێوەیەك پۆستی سەرۆكی هەرێم ‏بۆ پارتی بێت، پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت”.‏

دووپاتیكردەوە، ئەوە ڕێككەوتنێكی كۆنە لەنێوان یەكێتی و پارتی كراوە و هەموو لایەنە ‏كوردستانییەكانیش ئاگادارن”. ‏

بۆیە بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی پێیوایە، بەهۆی ئەوەی لەدوای ساڵی 2003وە ‏كە یەكێتی باڵادەستبووە لە پارێزگاكە و زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستاش بە مافی ‏خۆی دەزانێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا لەگەڵ ئەو لایەنەی كە حكومەت ‏پێكدەهێنێت ڕێككەوتن بكات، تا كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دابنێت، ‏چونكە بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆیەتی. ‏

كورد دەیەوێت لەتەواوی پۆستەكانی كەركوك هاوسەنگی بێتەوەئارا

لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لایەنە كوردستانییەكانی كەركوك، جگە لەپارتی، كۆبوونەوەیەكیان ‏ئەنجامدا و باسی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگار و پۆستەكانی دیكەی كوردیان كرد.‏

ڕەوەند مەلا مەحمود، كە بەشداربووی كۆبوونەوەكە بوو، ئاشكراشیكرد، “لەمێژە غەدر لە ‏كورد دەكرێت لە پۆستەكانی نێو فەرمانگەكان، چونكە لە سێ هەڵبژاردنی ڕابردوو نیوەی ‏كورسییەكان هی كورد بووە، بەڵام دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاكە وەكو بەركەوتەی ‏هەڵبژاردن نیە”.‏

بۆیە بەرپرسەكەی مەڵبەندی یەكێتی دووپاتیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پێداگرییان لەسەر ‏ئەوەكردووە، كە چۆن لایەن و پێكهاتەكانی دیكە پۆستیان هەیە، كوردیش بەهەمانشێوە ‏بەركەوتەكانی خۆی لە پۆستەكان وەرگرێت. ‏

سەكردەكەی یەكێتی نەیشاردەوە كە لە دانانی كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی پارێزگاری ‏كەركوك “بە پلەی یەك پارتی بیانووی دروستكرد، بۆئەوەی لەدەست كورد بچێت، ئەوكاتە ‏كە ئەنجومەنی پارێزگا زۆرینەی لەدەستی كورد بوو، دەمانتوانی بە ئاسانی پارێزگارێكی ‏كورد بۆ كەركوك دابنێن، بەڵام پارتی ئامادەنەبوو”.‏

‏”ئەوان هەر شتێك بۆ كورد و لەنێو كورددا بۆ یەكێتی بێت، دژی دەوەستنەوە، هەر ‏ئەوانیش بوونە هۆكاری ئەوەی كە پۆستی پارێزگار لای كورد نەبێت”، ڕەوەند مەلا ‏مەحمود وای وت. ‏

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بۆ یەكەمجار ئاشكراشیدەكات، ئەو كاتەی حكومەتی ‏هەرێم پێكهێنرا، “ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێككەوتنمان بۆ دروستكردنی ‏حكومەتی هەرێم كرد لەگەڵ پارتی، یەكێك لە خاڵەكان دانانی پارێزگارێكی كورد بوو بۆ ‏یەكێتی”.‏

بەرپرسەكەی یەكێتی دەڵێت، “پارتی ئەوكات ئامادەبوو ئەو خاڵەمان لەگەڵ جێبەجێ بكات، ‏بەڵام كاتێك كە حكومەتی هەرێمی پێكهێنا، پاشگەزبووەوە”. ‏

بۆیە ئەو سەركردەیەی یەكێتی دوودڵ نەبوو لەوەی بڵێت، “هەمیشە پارتی، كە كارێكی بە ‏كورد و یەكێتی دەبێت، هەموو ڕێككەوتنێك دەكات، بەڵام كە گەیشتە سەر جێبەجێكردنی، ‏پاشگەز دەبێتەوە، چونكە ئەوەندەی بڕوای بە حزبایەتییە، ئەوەندە بڕوای بە كوردایەتی ‏نییە”.‏

بابەتی پێشتر

گۆڕاوى ئۆمیكرۆن گه‌یشته‌ ئێران

بابەتی دواتر

ئەو فڕۆکەیەی باڵیۆزی ئێرانی لە یەمەن هێنایەدەرەوە عێراقی بووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕاپۆرتێكی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی بادینان و ‏هەولێر دەكات

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و ‏ڕۆژنامەنووسان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە، بەشێكی ڕاپۆرتەكە ‏تایبەتە…
Total
0
Share