شارەزایەكی بواری دەستوور دەڵێت، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ماف بە عەرەبی هاوردە دەدات دەنگبدات و ئەو مافە لە کەرکوکییەکانی دیكە لە چەمچەماڵ و دوزخورماتوو دەسەنێتەوە.
د. یوسف گۆران، شارەزای یاسا و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری دەستوور رایگەیاند، دەرکردنی یاسایەک لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاکان، کە ماف بە عەرەبی هاوردە دەدات دەنگبدات و ئەو مافە لە کەرکوکییەکانی دیكە لە چەمچەماڵ و دوزخورماتوو دەسێنێتەوە، دژی دەستووری هەمیشەیی عێراق و ماددەی 140ى دەستوورە.
دەشڵێت، “پێویستە لەسەر لایەنە کوردییەکان ئەم یاساییە رەتبکەنەوە و سکاڵا لە دادگای فیدراڵی دژ بەم یاسایە تۆماربکەن”.
یوسف گۆران ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرجەم ئەو لایەن و کەسانەی بەشداربوون لە داڕشتن و دەرکردنی یاسایەکی لەم جۆرە، “خەباتی دەیان ساڵەی شۆڕشی کورد و قوربانییەکانیان و ناسنامەی نەتەوەیی شارەکەیان هەرزانفرۆش کرد”.
پێشتر سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکوک-سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نۆ خاڵدا گرفتەكانی یاسا پەسەندكراوەكەی خستەڕوو و دەڵێت، لەلایەن “لایەنێکى سیاسى”یەوە کەرکوک و خەڵکەکەى لە چێوەى (سەفقەیەک)دا کرانە قوربانیى دوو کورسیى کۆتاى مەسیحی و زیادکردنى دەنگى حیزبەکەى لە موسڵ لەسەر حیسابى دەنگدەرانى کوردى کەرکوک.