ئەوروپا مەرجی “ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ” بۆ توركیا دادەنێت

پەرلەمانی ئەوروپا

یەكێتیی ئەوروپا جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ لە توركیا دەكاتەوە، لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە و داوای ئازادكردنی دەمیرتاش-یش دوپاتدەكاتەوە.

هیلینا دالی، ئەندامی كۆمسیۆنی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم جەختی لەسەر پرسی “ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ لە توركیا” وەك لایەنێكی گرنگ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئەوروپا و توركیا كردەوە.

لە كاتێكی پێشتری ئەمڕۆشدا پەرلەمانی ئەوروپا داوایكرد سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەزوویی و بێ مەرج ئازادبكرێت، كە لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێتی ئەنقەرەوە دەستگیركراوە و لە مافە سەرەكییەكان بێبەشكراوە.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە هاوسەرۆكەكەی پێشووی هەدەپە لە بەندینخانەی ئەدرنە ڕوبەڕووی خراپی مامەڵە دەبێتەوە.

هەڵوێستە توندەكەی ئەوروپا هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان جۆزیب بۆریل، ڕێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتییەكە و مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا كە ئەمڕۆ لە برۆكسل بەڕێوەچوو.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی هاوبەشیشدا بۆریل وتی، تاوتوێی دۆخی مافەكانی مرۆڤی لە توركیا لەگەڵ وەزیرەكەی ئەو وڵاتە كردووە.

لای خۆیەوە چاوش ئۆغلو وتی، پێویستە توركیا و یەكێتی ئەوروپا هەنگاوی كرداری بنێن لەپێناو پارێزگاری لە دۆخی ئەرێنیی نێوانیان.

بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی یەكێتیی ئەوروپا زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەوروپی-توركی دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوانیان لەئامێزبگرێت.

چاوەڕوانیش دەكرێت پرسە هەرێمایەتییەكانی دیكە وەك دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە توركیا دەستێوەردانی تیادا كردووە بەهەمان شێوە یەكێك بێت لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكان.

ئەوروپا داوای ئازادكردنی دەمیرتاش چەندبارە دەكاتەوە
لە 26ی كانونی یەكەمی ڕابردوو یەکێتیی ئەوروپا، داوای لە تورکیا كرد هەریەکە لە عوسمان کافالا، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ و سەلاحەدین دەمیرتاش بەخێرایی ئازادبکات.

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، “بە سیفەتی ئەوەی دەوڵەتێکی کاندیدە بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە تورکیا بەڵگە و کرداری بەرجەستە و بینراو نیشانبدات لە فەراهەمکردن و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان، کە گۆشەیەکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا پشتی پێدەبەستێت”.

ئەوەشی دوپاتكردەوە، “ئەمە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی دادوەریی تورکیاشەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورورپا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی دەستبەجێی عوسمان کافالا و سەلاحەدین دەمیرتاش”.

پێشتر دادگای مافی مرۆڤ هاتەدەنگ
لە 22ی كانونی یەكەم دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕایگەیاند، پێویستە توركیا سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی سیاسەتمەداری كورد بەزووترین كات.

دادگاكە وتیشی، بڕیارەكانی ڕاگرتنی دەمیرتاش هیچ بەڵگەیەكی تیانییە كە كردەوەكانی بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە ببەستێتەوە.

سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤ وتی، دەستگیركردنی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) “پەیامێكی مەترسیدار”ی گەیاندە گەلی توركیا كە دەستگیركردنەكە “تەنها بۆ شاردنەوەی ئامانجێكی سیاسیی شاراوەیە”.

دوای هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكە، دەسەڵاتدارێتی توركیا لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی بە تۆمەتی پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە دەستگیركرد.

چەندین تۆمەت ئاراستەی دەمیرتاش كراونەتەوە كە لە ئەگەری سەپاندنی بەسەریدا ڕوبەڕووی سەدان ساڵ بەندكردن دەبێتەوە.

هیومان ڕایتس وۆچ-یش هەمان داوای هەیە
لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕێكخراوی بەرگری مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕایگەیاند، دەستگیركردنی دەمیرتاش و هەشت ئەندامی دیكەی هەڵبژێردراوی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمان بەر لە چوار ساڵ، سەرەتای هێرشێكی بەردەوامی حكومەتە بۆ سەر ئەو حزبە و بەشێكە لە هەڵمەتێكی شوێنكەوتن و دەستگیركردن كە پاڵنەرێكی سیاسی هەیە، پاش هەوڵی كودەتاكەی ناوەڕاستی تەمموزی 2016.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت، “پێویستە لەسەر حكومەتی توركیا پێداچوونەوە بە دەستبەسەركردنی پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلاندا بكات، لەنێویشیاندا فیگەن یوكسەكداغ، سەرۆكی پێشووی حزبەكە، كە دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ هێشتا هیچ حوكمێكی دەربارەی نەداوە”.

س: ئەلعەرەبیە + میدیاكان + ئێستا

بابەتی پێشتر

كازمی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

بابەتی دواتر

ئێران بەرپرسیارێتیی تەقینەوەكانی بەغداد دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتە بە میکانیزمێکی گونجاوتر خواستەکانی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دابینبکات

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی خاوەنپێویستییە تایبەتەکانەوە ڕایگەیاند، ژیان و گوزەرانی خاوەنپێداویستیی تایبەت بە ئاستێکی خراپدا تێدەپەڕێت…
زیاتر ببینە

قائیمقامیەتی سلێمانی: له‌رۆژانی جه‌ژندا 150 شوێن به‌سه‌ركراونه‌ته‌وه‌ و چوار شوێن داخراون

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر له‌ 150 شوێنیان به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌ و ‌به‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش توانراوه‌…
Total
0
Share