توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، توانای منداڵبوونی ژنان لە جیهاندا لەبەردەم مەترسیدایە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەیە کە بەگشتی لە زۆرینەی کەرەستەکانی رۆژانەدا هەن.
کۆمەڵێک لە زانایانی ئەمریکی توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە سەبارەت بە کاریگەریی ماددە کیمیاییەکانی ناو کەرەستە و کەلوپەلەکانی رۆژانە، بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەو ماددە کیمیاییانە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر توانای منداڵبوون و وەچەخستنەوەی ژنان هەیە.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی قوتابخانەی پزیشکیی ئیکان لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ئەم ماددانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن، لە کەرەستەی جوانکارییەوە تا قاپ و کەلوپەلەکانی خۆراک تا دەگاتە شامپۆ و پاککەرەوەکان.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستە ژینگەییەکان بڵاوکراوەتەوە و سوودی لە بەڵگەی نمونەیەک لە ژنانی سەنگاپوور وەرگرتووە و چڕیی مادەی پێرفلۆرۆئەلکیل لە پلازمای (PFAS) بەستراوەتەوە بە زیادبوونی کێشەکانی دووگیانبوون.
ماددەکانی پێرفلۆرۆئەلکیل کۆمەڵەیەکی هەمەچەشنی ماددە کیمیاییە دروستکراوەکانی مرۆڤن کە لە کۆمەڵێک بەرهەمی بەکاربەر و پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێن.
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە چڕیی ماددە کیمیاییەکان “بە بێدەنگی تەندروستیمان دەخاتە مەترسییەوە”.
لەبەر ئەوەی ئەو ماددانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن، کاریگەریی ژەهرەکانیان زۆر گەورەن و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەم ماددانە دەتوانن هۆرمۆنەکانی زاوزێ تێکبدەن، لەم دواییانەشدا پەیوەندییان بە دواکەوتنی دەستپێکردنی تەمەنی باڵغبوون و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هێلکەدانەوە هەیە.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە داماسکین ڤاڵڤێڤی، پسپۆڕی پەتا ژینگەییەکان دەڵێت، “ئەوەی توێژینەوەکەمان زیاتر جەختی لێدەکاتەوە ئەوەیە کە PFAS رەنگە توانای منداڵبوونیش کەمبکاتەوە لەو ژنانەی کە بەگشتی تەندروستن و هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی سروشتی دووگیان ببن”.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانی لەوانەیە لە ماوەی ساڵێکدا بگاتە سەدا 30 یان 40 لەو ژنانەی کە بەرکەوتەی زۆرێک لە ماددە کیمیاییەکان دەبن.
هاوکارى توێژینەوەکە ناتان کۆهین دەڵێت، ئەو ژنانەی پلانیان هەیە دووگیان بن، پێویستە خۆیان لەم ماددانە بەدوور بگرن.