شارەزایەك چەند وێنەیەكی 43 بیری لە شاخ هەڵكۆڵدراو بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، شارستانێتیەكە ئاماژەیە بۆ دەسەڵاتی میرێكی بەهێزی كوردستان.
نادر رۆستایی، ئەزموندار و شارەزای گەشتوگوزار لە پەیجی خۆی ژمارەیەك وێنەی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، قەڵای میرێکی کوردە لەسەر چیایەکی هەرێمی کوردستان كە زیاتر لە 43 بیری لە شاخ هەڵکۆڵدراوی لە دەوروبەردا هەیە.
بیرەکان قووڵی و فراوانیان جیاوازن، لە یەک مەتر تا دەگاتە هەشت مەتر قوول هەن، فراوان و بەرینیشیان لەنێوان یەك تا سێ مەتردایە، وەك ئەوەی رۆستایی ئاماژەی پێداوە
دەشڵێت، “ئەم شارستانییەتە ئەنجامی هێز و توانایەکی بەرز و بەهێزە، بەڵام تاکو ئێستا توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر نەکراوە”.
ئەو شارەزایە باس لەوەدەكات، پێشتر سێ لوتكە شاخی دیكۆمێنت كردووە، كە یەكەمیان 15 بیری هەبووە، دووەمیان چوار و سێیەمیان 12 بیر، بەڵام ئەمیان 43 بیری هەیە.