پارێزگاری بانكی ناوەندی سوپاسی ئەنجومەنی وەزیران دەكات لە پەسەندكردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەڵێنی هەوڵی زیاتر بۆ بەبەهاكردنی دراوی نیشتمانی دەدات.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرۆك وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكات لەپای وەڵامدانەوەی خێرایان بۆ بڕیاری بانكی ناوەندی تایبەت بە دابەزاندنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەپێناو سوككردنی باری سەرشانی هاوڵاتییان.
جەختیشیكردەوە لەسەر “درێژەدان بە هەوڵەكان لەگەڵ حكومەت و هەماهەنگیی بەبەرهەم لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ویستراوەكان”.
پارێزگاری بانكی ناوەندی بەڵێن بە گەلانی عێراق دەدات بە “خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ زیادبوونی متمانەیان بە دراوە نیشتمانییەكەیان و پارێزگاری لە سەلامەتی و بەردەوامیی سیستمی دارایی و بانكی”.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی بەهای 100 دۆلار لە 146 هەزار دینارەوە بۆ 130 هەزار دینار پەسەندكرد.