کاریگەری گەڕانەوەی پتڕۆڵیۆم بی پی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک

رۆژی چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای “پتڕۆڵیۆم بی پی” بەڕیتانی ئەنجامدرا.

ئاماژەیان بەوەشدابوو، گرێبەستەکە لە چوارچێوەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بووە بۆ بەرێتانیا، ئامانجی سەرەکیش لە ئەنجامدانی گرێبەستەکەی نێوانیان، بە مەبەستی کارکردن و پەرەپێدانی زیاتری نەوت و گاز و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانە، لە چوار کێڵگەی نەوتی شاری کەرکوکدا، کە بریتین لە کێڵگەکانی (بای حەسەن، کەرکوک، جەمبور و خەباز).

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقیش رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامدەبێت لە درروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای پتڕۆڵیۆم بی پی، لەپێناو باشترکردنی کارەکانییان لە چوار کێڵگەکەی نەوتی کەرکوکدا و بەرهەمهێنانی رێژەیەکی باشتری نەوت و گاز”.

کۆمپانیای پتڕۆڵیۆم بی پی بەڕیتانی، لە ساڵی 1909 دامەزراوە و بە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا دادەندرێت، ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەرهەمهێنانی نەوت و گازی لە 800 ناوچەی جیاواز لە 50 وڵاتی جیهاندا جێبەجێکردووە.

لەسەرەتای پرۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە شاری کەرکوکدا لە ساڵانی 1920، کۆمپانیای پتڕۆڵیۆم بی پی، رۆڵێكی بەرچاوی لە پڕۆسەکەدا بینی و ئەرکی بەشێكی سەرەکیی سەرپەرشتیکردن و کارکردنی لە کێڵگە نەوتییەکاندا لە ئەستۆگرت، هەربۆیە مێژووی نەوتی کەرکوک و کۆمپانیای پتڕۆڵیۆم بی پی بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. دوای تێپەڕینی سەدەیەکیش، دووبارە کۆمپانیاکە دەگەرێتەوە بۆ بەرهەمهێنان و کارکردن لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکدا.

کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، یەکێکن لە کۆنترین کیڵگە نەوتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و لە شەش کێڵگە پێکدێن، هەرچەندە مێژوویەکی گرنگی لە بواری نەوتدا لە ناوچەدا هەیە، بەڵام چەند ساڵێکە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکاندا کەمیکردووە، هەربۆیە شارەزایانی ئابووری، ئامانجێکی دیکەی بەرپرسانی عێراق لە ئەنجامدانی گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای پتڕۆڵیۆم بی پیدا بۆ چاکسازیکردن و باشترکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کەرتی نەوتی کەرکوکدا دەگەڕێنەوە، پیشبینیش دەکرێت بەهۆی گرێبەستەوە گۆڕانکاری ئابووری لە رووبدات و ئاستی بەرهەمهێنان گەشەبکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share