رۆژنامەی فایننشاڵ تایمز-ی بەریتانی لە بارەی پێشبینییەكانی بۆ ساڵی 2023 دەڵێت، وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی پچڕانی تەزووی كارەبا دەبنەوە لە ساڵی داهاتوودا و پێشبینی مانەوەی هەندێك سەركردەش لە پۆستەكانیاندا دەكات.
بەپێی رۆژنامەكە، پچڕانی كارەبا تا نیسانی داهاتوو لە ئەوروپادا ئەگەری زۆری هەیە ئەگەر كەشوهەوا سارد بێت، بەڵام لە زستانی داهاتوودا “كێشەكە زیاتر دژوار دەبێت” بەهۆی ئاستەنگی لە پڕكردنەوەی ئەمبارەكانی غاز، چونكە هەناردەی غازی روسی لە 2023دا لە سفر نزیكدەبێتەوە.
لە پێشبینییەكانی دیكەی رۆژنامەكە، ریشی سوناك-ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پارێزگاری لە مانەوەی لە پۆستەكەی دەكات، سەرەڕای ئەوەی وادەردەكەوێت كە “زیاتر گەمارۆدراوە”.
پێشیوایە، جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا بریاردەدات خۆی بۆ گەڕی دووەمی سەرۆكایەتی كاندید بكاتەوە، بەڵام دیموكراتەكان تاوتوێی ئەگەری كاندیدكردنەوەی دەكەن.
رۆژنامەكە پێشبینیشی كردووە، لە ساڵی داهاتوودا تۆمەت ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بكرێت.
دەشڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە سەرەڕای “پاشەكشەی ئاستی جەماوەری”.
سەبارەت بە چین دەلێت، دەتوانێت سەرلەنوێ گەشەی ئابوری بێنێتەدی بۆ بەهای زیاتر لە 5%، هەروەك هێرش ناكاتەسەر تایوان و گەمارۆی نادات لە 2023دا.
هەر بەپێی پێشبینییەكان، ناڕەزایەتییەكان لە ئێران بەشێوەیەكی گشتی بەردەوام دەبێت بەجۆرێك لە جۆرەكان.
هەروەها تۆڕی كۆمەڵایەتیی “تویتەر” لە كاركردن بەردەوامدەبێت سەرەڕای ئەو دۆخەی لە ئاكامی كڕینیەوە لەلایەن ئیلۆن مەسك هاتووەتە ئاراوە و سەرەڕای زیادبوونی زیانەكانیشی.