توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، بەتانییە کێش قورسەکان دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین زیاتر دەکەن، کە هۆرمۆنی نوستنە.
لە ساڵانی رابردوودا خواست لەسەر بەتانییە کێش قورسەکان زۆربوو، فرۆشیارانی ئەو بەتانییانە بەوجۆرە رێکلامیان بۆ دەکرد کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی کێشەکانی نوستن و دڵەڕاوکێ.
تویژینەوەیەکی نوێ ئەوەی پشتراستکردووەتەوە کە بەتانییە کێش زۆرەکان دەبنەهۆی زیاتر دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین، کە هۆرمۆنێکە لە مێشکەوە دەردەدرێت و یارمەتیدەرە بۆ نوستن.
واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، سەرپەرشتیارانی کۆبوونەوەکە باسیان لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی بەتانیی قورس کردووە.
لە توێژینەوەکەدا کار لەسەر 26 گەنجی کوڕ و کچ کراوە، کە هەریەکەیان شەوێک لە تاقیگەکەدا بە بەتانییە کێش قورسەکانەوە نوستوون و شەوی دواتر بە بەتانیی کەم کێشەوە نوستوون.
تویژەران هەر 20 خولەک جارێک نمونەیان لە گەنجەکان وەرگرتووە لە کاتژمێر 10ی شەو تاوەکو 11ی شەو بۆئەوەی ئاستی دەردانی هۆرمۆنەکە لە جەستەیاندا بزانن، دەرکەوتووە ئاستی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین لەو بەشداربووانەی بە بەتانیی قورسەوە نوستوون 32% بەرزتربووە بەراورد بەوانەی بە بەتانیی کەم کێشەوە نوستوون.
توێژەران دەڵێت، کێشی قورس لەسەر جەستە وادەکات هۆرمۆنەکە لە مێشکدا هانبدرێت و رێژەی دەردانی زیاتر بکات.