شارەزایەكی ئوسترالی هەموو دەنگۆكانی پێشوو دەربارەی ونبوونی فڕۆكە و كەشتییەكان لە سێگۆشەی بەرمۆدا ڕەتدەكاتەوە و بۆ هۆكاری سروشتی دەگەڕێنێتەوە نەك هێزی دەرەكی دەرەوەی سروشت، لەو چوارچێوەیەشدا باس لە سەرچاوەی دیارنەمانی پێنج فڕۆكە و تیمەكانیان بەر لە 75 ساڵ دەكات.
لە ساڵی 1945 چەند فڕۆكەیەك بە ئەركی ڕاهێنان لە فلۆریداوە بە تیمە 14 كەسییەكانیانەوە فڕین و پاش چونە ناوچەی بەرمۆدا كە چوار ملیۆن مەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە دیارنەمان.
شین ساتیرلی، شارەزا دەڵێت، لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایدەكەن كە كەشوهەوا لەوێ خراپ بووە، بەهۆی تاریك داهاتنیشەوە فڕۆكەكان بەرەو شوێنی هەڵە ڕۆیشتوون، لە كاتێكیشدا ئەگەر فڕۆكە لەسەر ئاوەكە بنیشنەوە بێگومان لەماوەی خولەكێكدا دیارنامێنن و نادۆزرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرینەی تیمەكان لە ڕاهێنراوان بوون نەك لە شارەزایان كە ئەمەی دووەمیان دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ كەشوهەوا دژوارەكاندا بكەن، بەتایبەت لەكاتی فڕینی شەودا لە ناوچەیەكدا كە درێژی شەپۆلەكانی دەگاتە 100 پێ.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو كەشتی و فڕۆكانەی لە ناوچەی سێگۆشەی بەرمۆدا ونبوون هیچ نییە جگە لەو ڕوداوی ونبوونانەی لەهەر شوێنێكی دیكەی زەریاكاندا ڕودەدات.