رێکخراوی ئایندەی عێراق: لە شەش مانگی ئەمساڵدا 18 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەی عێراق کراون

رێکخراوی ئایندەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابوری رایدەگەیەنێت، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 18 هەزار ئۆتۆمبێل لە چینەوە هاوردەی عێراق کراون.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـدا، گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ژمارەی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بە رێژەی 65% زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 584 هەزار ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024ـدا، 353 هەزار ئۆتۆمبێل بوو.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی بەهای ئەم هاوردەکردنە نزیکەی حەوت ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

ریزبەندیی وڵاتانی هاوردەکاری ئۆتۆمبێلی چینی بەپێی راپۆرتەکە:

1- ئیمارات/ زیاتر لە 221 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەکردووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، 102 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکردبوو.

2- سعودیە/ زیاتر لە 123 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەکردووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، 96 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکردبوو.

3- تورکیا/ زیاتر لە 91 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەکردووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، 70 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکردبوو.

4- عێراق/ زیاتر لە 18 هەزار ئۆتۆمبێلی چینی هاوردەکردووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024ـدا، 10 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکردبوو.

بەپێی راپۆرتەکە، هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەزەندەدەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل تێبپەڕێنێت، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی خواست لەسەر بەرهەمەکانی ئەو وڵاتەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share